یادداشتی شێرزاد حەسەن لەسەر ڕۆمانی کۆشکە سوورەکە
لە ستایشی.. کۆشکە سوورەکەدا
شێرزاد حەسەن
٢٧/١/٢٠٢٢
سڵاو هیوای ئازیز.. رۆمانەکەتم خوێندەوە، بە نێوی “کۆشکی سوور” کە من ناوی دەنێم “قەڵای مێردان” یان زیندانی خەون و خەیاڵ و جوانی و شکۆمەندییەک کە وەک خەڵکەکەی کۆت و بەند کراون، قەڵای مێرانە بە مانا نەرینی و وەحشییەتگەری و ستەمگەرییەکەی، خودی ‘کۆشکی سوور’ دەمباتەوە سەر رەنگی خوێن و شەهوەتی ئاگرین و هەوەسی هار و خوێناوی لە پێناو گەیشتن بە دەستەڵاتخوازی کە سەرچاوەی هەر هەموو دراما و تراژیدیا و دۆزەخێکە کە خەڵکی تێیدا دەسووتێن، دیسانەوە ئاگرێکی نەبڕاوە و بە تین و تاو، قەڵای مێردان کە تیایدا کچۆڵان و ژنان وەک ئاسکەکێوی و کارمامز و تاوسەکان و هوزارەکان ڕاو دەکرێن و کەوی و رامدەکرێن بە مەرجی لاساییکردنەوەی بەهەشتەکەی ‘یەزدان’ کە بۆ خۆیانی دەڕازێننەوە، بەدەم عەیش و نۆشەوە، کە لە هەر هەموو وڵاتانی دونیاوە وەک تلیاک و ئۆرتە و کۆیلەی سپی و کوتاڵی بەهادار و زێدە دەگمەن، چ بە ئاشکرا و چ بە قاچاغ، هاوردە دەکرێن کە فیردەوسی ئاسمانیش بە خۆیەوە نەیدیوە. دیارە هەر هەموو دکتاتۆرەکان لە کۆتاییدا خۆیان لێدەبێت بە ‘خودا’ی تاک و تەنیا!
*
پیاوگەلێک کە بۆ هەتاهەتایە نە تێر ‘نان’ دەبن و نە تێر ‘گان’ کە هیچ رۆح و گیانێکی تێدا نییە بۆ کۆمەڵێک گیانداری کێوی و کەڵبەدار و بارباریست کە مەحاڵە بزانین لە کام ئەشکەوت و جەنگەڵ و جەهەننەمێکەوە وەک ئافات و وەیشوومە هاتن و گەیشتنە ناو دڵ و رۆح و گوند و شارەکانی پڕ شۆڕ و شکۆ و موحیبەتی ئێمە؟ ئاغایانی خوێنخۆر و بازاڕ، بەهەشتەکانی شار و شاری خەونەکان، بورجی عاجی و زەڕکەفتی کە ترۆپکەکەی لە پایەکانی عەرشی “خودا” دەخشێت و رایدەچڵەکێنن بێ ئەوەی خۆی لە گوورە ببات. میرەکانی جەنگ و کوشتارگا و ئەتکی خەڵک و خاک و خەون و خەیاڵ پێکەوە و بە تێکڕایی، بێ سرەوتن و بێ وچان، تێرنەخۆرە بۆهەتا هەتایە، کە خوانی شاهانە دەڕازێننەوە و ‘شەرابەن تەهوور’ەی ئەوان خوێنی شەهیدەکان و فرمێسکی بێوەژنەکانە کە نۆشی دەکەن، سوپاسی ‘ئەهریمەن’ی هاوتاو و هاوکووفی خۆیان دەکەن بۆ ئەو ناز و هەوا و دەبدەبەیە، پێکەوە، نەوە دوای نەوە ئەو میراتی خوێنخۆرییە لە باوانەوە بۆ نەوە و نەسلی چەندەها سەدەی دیکە دەگوێزنەوە!
*
دەی.. بمبوورە کە خەم و خوێن بردمی بە ئەندازەیەک کە بیری بردمەوە سەرسامی خۆم دەرببڕم بە تێما و هێماکان و رەمزەکان و هەم ناوەرۆک و پەیام و جیهانبینی کە ئیدی دەگەڕێت بۆ شێوە نواندنێک کە مۆرکی خۆتە، وەک ئارکیۆلۆژیستێکی کارامە سەرگەرمی هەڵکۆڵینێکی قووڵی لە مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێمەدا کە بەقەد رۆمانی {پاژنە ئاسنینەکان}ی رۆماننووسی ئەمریکی (جاک لەندەن) جوانی و تێڕامان و تیفکرینی قووڵی دامێ، سەرباری تانوپۆ و گرێچن و ململانێ و توێکاری و ئاناتۆمی باری دەروونی بیمار و هەلاهەلا کە بە هەق شایستەیە بە زمانی دیکەش بکەوێتە بەرچاوان، لە هەمووی جوانتر ئەوەیە کە مۆرک و پەنجەمۆری خۆتی بەسەرەوەیە، هەر لە داهێنان و برەودا بیت کە ئەمن هیوا ـ ـەکی دیکە دەبینم لە ناو تۆدا لە دایک بووە کە بە ئیمتیاز و پریستیژەوە نازناوی “رۆماننووس”ت بەوپەڕی سەنگینی و رەسەنایەتی پێدەبڕێت کە من بۆ خۆم پێشبینیم دەکرد هەر لە سەرەتاوە، ئەو کاتە بوو کە کورتە رۆمانی ” منداڵێک لەسەر مانگ”م خوێندەوە.
*
لە ناوئاخنی رۆمانی “کۆشکی سوور”دا ئیرۆتیکایەکی باڵا و فرە ڕەهەند، ڕەنگ و هەم ئیرەیی و بەغالەت، شەڕانگێزی سادیستانەی نێرگەلێکی ناوگەڵ برسی دەبینم، بێ ئەوەی لە جوانناسی و ئیستاتیکای هونەری خۆت دابەزیت و بیشوێنیت، یان دیوێكی “پۆڕنۆ” ئاسایی لەتەک خۆیدا بتبات. نەخێر، کە تا ئاستی تابلۆ و نیگارە نازدارەکانی دونیا چێژی پێبەخشیم کە مەرجە لێرەدا ئاماژە بەوە بدەم کە ڕۆمانەکە بۆ خۆی تابلۆیەکی ڕەنگینە و موتوربە کراوە بەو تابلۆیانەی کە دەستکردی خۆتە و بەس، ژمارەیەکی دیکەیان قەرزە لەو رەسم و نیگار و تابلۆیانەی نیگارکێشە ناودارەکانی دونیا کە ئەوەش دمانباتەوە سەر ئەو پردی پەیوەندی و ئاوێتەبوونەی هونەری شێوەکاری، ئەدەبی داستانئامێز و فیکشن و خودی رۆمانی تازە و هەم چیرۆکی هونەری، کە پتر دەنێو ئەدەبیاتی ئەلمانی و فرەنسی و هەم ئینگلیزی و ئەمریکای لاتین بە تێر و تەسەلی دەیدۆزینەوە، دەبوو لە پێشوازیدا ئاهەنگێکی بۆ ساز بکرایە،. بەڵام جوانترین ئاهەنگ ئەوە دەبێت کە خوێنەرانێکی شەیدا لەسەر خوانی جوانی و خۆشەویستی ئەدەبەکی رەنگین و زێڕەوشان کۆ دەبنەوە!
*
راستە کۆتایی رۆمانەکەت زێدە درامی و تراژیکە و هەم ستایشی عیشقێکە کە لەوە ناچێت لەسەر زەمین جێگەی ببێتەوە کە لە نێوان ‘سارا خاتوون’ و ‘سیامەند’ی زێدە زیت و زیندوو و هەم کڵۆڵ و داماودا هەیە، لە تاو و تینی عێشقێکی عاسێ و نیمچە مەحاڵ، کە بۆ خانمێکە کە پتر تارماییەکەی زیندووترە لە بوونێکی واقیعی و کۆنکرێت و بەرجەستە لە باری فیزیکییەوە، کە ئەوەشیان شیکارییەکی گەرەکە کە لێروکانە دەرفەت نییە بۆ تۆمارکردنی، هەر چەندە دۆخی ‘سیامەند’یش لە پای عیشقی خۆیدا وەک تەنێک لە هەودا و هەوا سووکەڵە کە لە دوا دیمەندا ڕووەو ئاسمان وەک یار و دڵخواز کۆشکی سوور بەجێدێڵین، کە پتر لە قەڵایەک دەچێت کە تیایدا مێژووی دەستەڵات و ئۆتۆریتی، ستەم و خیانەت و ململانێی خوێناوی وەک تەختەی شانۆی پاکتاوکردنی نێرینەکان دژ بە یەکتری دێتە بەرچاو، کە تیایدا شەهوەت و دەستەڵاتپەرستی و خۆویستی. ئیگۆیزم و نارسیزم پانتاییەکی بەربەرینیان داگیر کردووە، بەڵام سیحری کۆی کارەکتەرەکانی وەک مەنسوور ئاغا و مورادی خوشکەزای و سیامەند و سارا خاتوون و یارخان.. هتد، وەک رەسمی کەسایەتی “فلات” و یەکدیو نین، بەڵکو راوند و بازنەیین کە ناچارمان دەکەن چەندەها دەمامک لەوان داماڵین و هەم هەر هەموو دیوە جیاوازەکانیان ببینین و تێیڕابمێنین.
*
دیسانەوە ئەوەی کە مێژووی ساختە و بە درۆ سازکراو و نواندنی وەک شۆرش و بەرخۆدان و سەرهەڵدان و راپەڕین پێمانی دەفرۆشنەوە، ئەتۆ لە ناوئاخنی ئەم ڕۆمانەدا ئەو دیوەمان بۆ دەخەیتە بەرچاوان کە خودی مێژووی چەواشە و دەستکرد بەها و سەنگی تاسەر نییە، بەڵام ئەرکی رۆمانووسی ڕەسەن ئەوەیە ئەو بەش و پاژ و ژیانە تۆمار بکات، کە مێژوونووسی دەستەڵاتخواز فەرامۆشی دەکات لە ترسان، یانژی زات ناکات دۆزەخەکەیمان پیشان بدات، یان وەک نووسەرێکی دەربار ئەوە مێژووە ماکیاج و رتووش دەکات کە رووخساری ئەوەی پێوە نەماوە کە هیچ جوانکارییەکی تێدا بکرێت.
*
لە کۆتایی رۆمانەکەدا نووسیوتە “تەواو، کە من وای دەبینم دوای بیست و شەش پاژ و چاپتەر، وەک خوێنەرێک بڕوا ناکەم کە ئەم رۆمانە کۆتایی هاتبێت، ڕاستی کۆتاییەکی کراوەیە و دوا دیمەن بەوە تەواو نابێت کە ژن و پیاوێک “سارا خاتوون” و “سیامەند” رووەو ئاسمان کۆلارە ئاسا هەڵبفڕن و تەواو، چونکە خودی ‘کۆشکی سوور’ لەوێندەر ماوە، کە بە تەنها شانۆی رووداوەکان نییە، بەڵکو کرۆک و رۆحی رۆمانەکەیە، بگرە کارەکتەر و بونیاد و رەگەزی سەرەکی خودی داهێنانەکەیە، باوەجوو کە وا دەردەکەوێت لە کەسەکان و یادوەرییەکانی چۆل بووە، بەڵام وا مەزەندە دەکەم هەمان دراما و تراژیدیا و مێژووی سیخناخ بە سیاچاڵ و نهێنی دەستەڵاتخوازان و ململانێ و گەڕانەوەی تارماییەکان دووبارە دەبێتەوە، لە بەرگی تازە و خەونی دیکە کە ئەگەری ئەوەش لە ئارادایە بەشداریمان پێبکات، لەگەڵ مۆتەکە و کابووسێک کە خودی مێژووە، دروست رۆمانەکە تا ئێرە وەک شاکارێکی ئەدەبی بەرکەماڵە و پەیامی خواستراوی خۆتی تێدایە، کە دەخوازیت ئێمە لەو مێژووە ئاگادار و بێدار بکەیتەوە کە تیایدا پێشبینی دەکەیت، هەم زەنگێک لێدەدەیت کە لە خودی ئەم کابووسە بێدار بینەوە، کە چەندەها سەدەیە تیایدا زیندانین، بەڵام هاوکات لای تۆ ئایندەیەکی خەونهێن و ئومێدهێن بوونی نییە، کە مێژووەکەی دەستکردی سوپەر پاوەرەکانە و هەم هی خۆمان، بەڵام ئەتۆ گەرەکتە ئەو ڕاستییە تاڵە بدرکێنیت کە کۆی تراژیادیاکە تا هەنووکە و تاوەکو رۆژگارێکی دیکەی دوور مەودا، هەمان چارنووسی خۆکرد چاوەڕێمان دەکات، کە چارەنووسێکی ئاسمانی و خواهانە نییە.
*
ئەرکی تۆ وەک رۆماننووس ئەوە بوو بڵێیت کە من لەم شوێنەم کە ‘خودا’ پێی تێناخات، لەو شوێنەش کە ‘خودا’ تیایدا کایە دەکات و خورافات لێمان دەخوڕێت، خورافاتی رەگاژۆی سیاسەت و مەزهەب نوقمە لە حیکمەتی ئیلاهی، مەحاڵە ئەتۆ لەوێندەر بیت لە باری رۆحی و فیزیکییەوە، چونکە ڕۆماننووسی راستەقینە بڕوای نە بە حیکمەتی ئاسمانیی هەیە و نە هی سەرزەمینیی، بە ڕەهایی، بەڵام بە پەیتوونی خەیاڵ و فانتازیا موتوربە بە واقیعێکی دۆزەخیی و کارەساتبار، بە جەبری تۆمار و داهێنان ئەتۆ هەیت، ئەفسوونی ئەدەبیات تا ئەندازەی نەمری و خۆخوێندنەوە لە گەشتی سەرمەدی خۆت ناکەویت و ناسرەویت، رۆمان یان هاوکووف و هاوسۆزی مێگەلە، یان دنەدەر و لێدانە لە خەیاڵ و خولیا و گەشبینی خەوخۆشەکان، نووسەری رەەسەن لە پای هێز و شکۆمەندی خۆیەوە تەنیایی هەڵدەبژێریت، یان ملکەچی بۆ گاگەلێک دەکات کە بیبەن بۆ قەسابخانە یان پاوان و مێرگێکی سەوز، بە خۆی نازانێت کە بە ئەندازەیەک کوێرایی داهاتووە و وەها بەستەزمان و ماسۆشییە، کە کێرد و تیغی جەللاد و قەسابەکەی خۆی ماچ دەکات، ساز و ئامادەیە بۆ سەربڕین.
ئەوەی ئەتۆ کردووتە گەڕانە بۆ مانایەک لە ناو بێمانایی ژیانی ئێمەدا لەسەر هەر هەموو ئاستەکاندا، ڕووداوەکان پێویستان بە راڤە و شیکاری نییە، ئەوەندەی پێویستمان بە هەڵکۆڵینێک هەیە، هەم ئاناتۆمی و گەڕان بە دوای مانایەک کە پردی پەیوەندی دروست بکات، لە نێوان رۆمان و ماریفەت و هەم کۆمەڵگایەکی زیندووتر لەوەی کە هەمانە!