دواشەوی دابەزینی عیسا
نووسەر: شێرزاد حەسەن
بابەت: ڕۆمان
_ نەتوت بۆچی من و تۆ جیاوازین؟
+ ئاسمان و زەوی بۆ تۆ کراوەن.
من نەک خۆم، بەڵکوو میللـەتەکەشم هێشتا نەچۆتە ناو هیچ جوگرافیا و مێژوویەکەوە، واتە خاکێک نییە تەواو هی خۆمان بێت و بە سەربەستی بە سەریەوە بنیشێینەوە.
سەرەتا کە هاتیت وتم تۆ تەنیا خۆت لە خاچ دراویت، من وا مەزەندە دەکەم کە لە چاوی مندا خاک و خەڵکەکەم پێکەوە لە خاچ دراوین و چوار مێخەمان کێشراوە و لە ئەزەلەوە تا هەنووکە خوێنمان لێ دەچۆڕێت…
عیسای برام، گەر چوویتە ئاسمان بە هەمووان بڵێ، بە یەزدان و فریشتەکانی
کە ئێمەیش بەندەوارەکانی ئەوین،
زۆر دەمێکە بە سەر خاچەوەین و کەس نەهات دامان بگرێت…
…لە ڕاهی ئەو ئاسمانەی خۆشت دەوێت، پێ مەخەرە سەر پلەی یەکەمی پەیژەکەت. تۆ بۆ ئەوە نەهاتبوویت…نا…عیسای برام…نا…نە بگری و نە ئاوڕی ماڵاوایی بدەوە…
*مرۆڤ تاکە بوونەوەرێکە کە بۆ خۆشی و سەیرانی خۆی ئازاری بەرامبەرەکانی دەدات و ڕادەمێنێت تاوەکوو تەواو مەست بێت ئەو کاتەی تین و تاوی ئەو ئازار و ئەشکەنجەیە؛ لە چاوانی قوربانییەکانی خوێن دەدەڵێنێت و نرکە و ناڵە و هاواری کێو لە بن دێنێت!