“لە هەندێ قۆناغی مێژووی کۆمەڵایەتیدا شۆڕش ئەبێ بە شتێکی پێویست و فەرمانێکی ناچاری؛ چونکە بە شۆڕش نەبێ زوڵم و زۆر و چەوسانەوە بنبڕ ناکرێن.”
*ڕۆمانی ((ژانی گەل))ی ئیبڕاهیم ئەحمەد و نووسینی ئەم ڕۆمانە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1956، بۆ کاتێک کە شۆڕشی گەلی جەزائیر دژی داگیرکەرانی فەڕەنسی و لە پێناوی خولیای ئازادی و سەربەخۆیی نیشتماندا دێتە ئاراوە.. یەکێکە لەو بەرهەمە وێژەییانەی کە بە شێوازێکی بەربڵاو چەندین لایەن و قۆناخی دژواری مێژوویی، ژیان و دەستبەسەربوون و شۆڕشی گەلێکی ژێردەستە دەگێڕێتەوە، بەڵام بەشە گرینگەی جەخت دەکاتە سەر ساڵەکانی نێوان 1961 ـ 1963 . کاراکتەری سەرەکی ژانی گەل، کەسێکە بە ناوی ((جوامێر)) کە لە ماڵەوە وەدەردەکەوێ بۆ ئەوەی مامانێک بێنێ بۆ ((کاڵێ))ی خێزانی کە وا لە سەر مانگ و ڕۆژی خۆیەتی، بەڵام بەڕێکەوت دەکەوێتە نێو خۆپێشاندانێکەوە و بریندار دەبێ. بە دوای ئەوەدا، دەستبەسەر و لە لایەن دادگای دەستەڵاتدارەوە بە دە ساڵ بەندکردن سزا دەدرێ و دەخرێتە بەندیخانە و ئازارەکانی ئەم دەورانە. کاتێک دوای دە ساڵان لە بەندیخانە دێتە دەر ، بۆ دیتنەوەی خێزان و ((هیوا))ی کوڕی دەکەوێتە پرسیار و عەوداڵی شار و دێهاتەکانی کوردستان دەبێت، کاتێ دەبیسێ گوندی ((گوڵان)) شوێنی نیشتەجێی کاڵێ و هیوا، کەوتووەتە بەر شاڵاوی چەکی دوورئەنگێو و جوقەواری لێ بڕاوە، ئەژنۆی دەشکێ. لەگەڵ ئەوەشدا، دوند و دەهاری ڕۆمانەکە لە دوایین پەڕەکانیدا دەردەکەوێ کە لەوێدا جوامێر چەک دەکاتە شانی و دەکەوێتە گۆڕەپانی بەرەنگاریکردن لە حەز و ئامانجەکانی بۆ نیشتمانێکی ئازاد..لە درێژەدا نامەیەکی لە لایەن”لاوە”ی خوشکەزایەوە پێ دەگا، کە لەوێدا ڕازێکی بۆ دەدرکێنێ:
(( بەڵێ کاکە جوامێر…کاڵێ مرد..خۆی و کوڕەکەی هەر ئەو ڕۆژە مردن کە تۆی تێدا بریندار کرایت)).
٭ڕۆمانی ژانی گەل بۆ یەکەم جار لە لایەن ((عەلی شێر))ـەوە کراوەتە کوردیی باکوور و لە وڵاتی سوئد بڵاو کراوەتەوە.
٭ هەروەها ئەم ڕۆمانە لە لایەن محەممەد قازی و ئەحمەد قازی وەرگێڕدراوەتەوە سەر زمانی فارسی و، لە ساڵی 1980 لە ئێراندا چاپ کراوە. ئەو ڕۆمانە وەرگێڕانی زمانی فەرانسەیی و تورکیشی بەخۆیەوە بینیوە.

دیدگاهها
هیچ دیدگاهی برای این محصول نوشته نشده است.