ڕۆمان؛ شاری مۆسیقارە سپییەکاننووسەر؛ بەختیار عەلی
..ئەو ڕۆژە هەستم کرد لە پێشمەوە دەڕوات، پشتی لێم بوو، من لە شوێنی خۆم وەستام… وەک هەر پیاوێکی ترسنۆک کە لە تاریکیدا خێوێک دەبینێت و دەوەستێت.
منیش ئاوەها وەستام…ئەو لە پێشمەوە دەڕۆیشت و لە ناو ساختمانەکەدا ون بوو، پاش ئێستێک گوێم لێ بوو بانگم دەکات…وەک هەمان ئەو شەوەی لە کوچەکانی شاری بەدبەختیماندا ئەو لە ناو گرمەی زرێپۆش و تانکەکاندا بانگی لە من کرد و هاوارەکانی بە نێو هەموو شەودا تێپەڕین و دەنگیان دایەوە، ئاوەها بانگی کردم. سەرتاپای ئەو بینایە دەنگی دەدایەوە، دەنگی ئەو لە هەموو جێگایەکی ئەو ئوتێلە سووتاوەدا بوو، من ڕام کرد بە دوایدا و ئەو بانگی دەکردم. من ڕام کرد و ئەو بانگی دەکردم، بە پێپلکەکاندا سەرکەوتم و گوێم لە دەنگی بوو، قات لە دوای قات دەڕۆیشت و من بە دوایەوە بووم…هەمیشە پشتی لێم بوو. دڵنیا بووم پێم دەڵێت ئەو شوێنە بکەمە نیشتەجێی خۆم، بینیم بە هێمنی دەچێتە ئەو ژوورەوە لە قاتی شەش، بە دوایدا ڕۆیشتم و …..ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــ..
یەکەمین فیشەک ئەردەڵانی سۆفی پێوەینا، من پشتم تێکرد و گووتم: هاوار …هاوار. گوێم لە خوڕەی خوێنەکەی بوو، گوێم لێبوو بە دەنگێکی کز گووتی: ئەی منداڵی نەجیب، ئێستا تەواوە، ئێستا دەمرم. من دەستم خستبووە سەر چاوم و گوێم لە گریانی سەیری ئەو منداڵەش بوو کە لە نێو درەختەکاندا ڕای کرد، بۆنی ئەو پرتەقاڵەم دەکرد کە دەشت و دەری پڕ کردبوو. دووهەمین فیشەک کەریم خەزێن پێوەی نا، سامیری بابلی بە خیزەخیزێکی سامناکەوە گووتی: مردن ئاوەهایە… مردن ئاوەهایە. ئەوە دواهەمین وشەی بوو ، لە ناو قوڵپە قوڵپی خوێندا، ویستی هەندێک شتی تر بڵێت، بەڵام من تێنەگەیشتم. دەگریام و نەمدەتوانی سەیری بکەم. گوێم لێبوو مەریوان گووتی: نا، من نا، من نا، من تەقەی لێ ناکەم، من نایبینم، تەواو مرد، من تەقەی لێ ناکەم، من نایبینم، تەواو مرد، من تەقە لە مردوو ناکەم. گوێم لێ بوو، کەریم خەزێن دەیگووت: من دەستت دەگرم، هێشتا نەمردووە، هیچ نییە…مەترسە. مەریوان بە ترسێکەوە دەیگووت: تازە مرد، مرد، من تەقە لە مردوو ناکەم…دەیگووت: مرد…وازی لێ بهێنە با تەقەی لێ نەکات، یەکێکتان بێن تا لە سەر جادەکە هەڵیگرین…

دیدگاهها
هیچ دیدگاهی برای این محصول نوشته نشده است.