ڕۆمان؛دوورە دەراوی سوورەچۆم
نووسەر:مەنسوور حامیدی
دایکم وەها دەمانچەکانی من و براکەمی شرتوگوم کردبوو کە هیچ شوێنێ نەمابوو عەقلی من و براکەم پێی گەیشتبا و نەمان پشکنیبێ. دیارە کە هیچ دەمانچەیەک نابێتە ئاو، کەچی هی ئێمە ببوو بە ئاو و بە عەرزیدا ڕۆچووبووە خوار. من پێم وایە ئەگەر مەئموورێکی بەئەزموونی ئێمڕۆی ک.گێ.بێ،یان مووساد یان سی.ئای.ئێی ئەمریکا ئەودەم زگیان بە من و براکەم سووتابا و هاتبان ئەو دیو و پێشخانەیەی تێیدا دەژیاین سەر و بنیان کردبا دەمانچەکەمانیان بۆ نەدەدۆزراوە چونکە هیچ دەمانچەیەک دە ئارادا نەبوو کە بتوانن بیدۆزنەوە، زۆر درەنگ من و براکەم زانیمان دایکم لە بەر خۆشەویستی لە ڕادەبەدەری خۆی و لە بەر ئەوەی دڵی خوشک و مێردی خوشکەکەی ڕاگرێ و پێی بڵێن چ ژنێکی باشە، ئەو دوو کوتە دڵەی من و براکەمی دابوو بە دوو کوڕەکەی پوورم کە کایەی پێ بکەن و خۆشی پێ ڕابوێرن. وەی هەزار خۆزگەم بە خۆیان. ل 98ــــــــــــــــــــــــــــهەر یەک گۆشەیەک لەو بەنێو پەردەیان لادەدا تا بە دزی چاویان پڕ بکەن لە بزەی بووک نازێ کە وەک تیشکی خۆر بێدریخ پێشکەشی هەموو کەسی دەکرد. کاتی ڕوانینیان لە بووکنازێ، هەر وەک پەیکەری دووشێرە بەردینەکانی بەردەنووسەکانی تەختی جەمشید بوون، ئای کە دوو بە دوو چییان دەگووت و چییان نەدەگووت!! هەر ئەو جۆرەی کە پەردەی ژوورەکەیان هەڵدەداوە، بەم شێوەیەش پەردەی حەیا و شەرمیان هەڵدەداوە. بابم کە زانیبووی خاڵم هەر چەند ڕەقیبێکی بەرچاوە بەڵام وەک هێزێکی یارمەتیش چاوی لێ دەکرد هەر بۆیە لە لای خاڵم بە دایکمی دەگووت::(( ئەرێ ئافرەت! ئەم پەردە ئەستوورە ئەم ژوورەی زۆر تاریک نەکردووە؟ بۆ پەردەیەکی تەنکتری پێ هەڵناوەسی؟ با جار جارە تاویش لە ژوورێ بدا.))دایکم دەیگووت: ((پیاوەکە! عەیبە لەبەر دەروجیرانان، خەڵکی بۆ بزانێ چ دەکەین و چ ناکەین؟)) ل 293

دیدگاهها
هیچ دیدگاهی برای این محصول نوشته نشده است.