ئەو شێتەی دەیگوت ناو چاوی شەیتان شەوان شینە…کە لە پردەکە پەڕیمەوە، هەنگاوم نەختێ بەلەزتر هەڵنا، بەڵێ، لە قووڵایی ناخیشمدا کامەرانیێک پاراو، فێنکاییەکی دڵڕفێنی بە گیانم بەخشی.لە سەر پردەکەمەوە، کاتێ بە لای دەستە ڕاستدا پێچت دەکردەوە، کەمێک دەبوویتەوە؛ بەناو کەندەکەدا بندیوار و بندیوار هەر دەڕۆیشتیت، پاشان بە دەستە چەپ، لە پێنجەم کۆڵان وەردەسووڕایتەوە: کۆڵانێکی پڕ خانووی ڕزیوی بۆر، وەک دەم و چاوی پڕ ئاوڵە و تێکشکاوی زەلامێکی پیر وابوو، جۆگەلەیەک لە ناوەڕاستی ئەو کۆڵانەدا هەبوو کە هەمیشە بۆنی…..من هەموو جار کە لە دەرگام دەدا، نەجیبە خان، ڕوو بە زەردەخەنەوە و سۆزێکەوە، دەهات دەرگاکەی دەکردەوە.
نەشمدەزانی لە سۆنگەی چی بوو کە هەندێ جار کاتێ لە بەردەم دەرگا قسەی لەگەڵ مندا دەکرد، دەکەوتە ناو شەرم و شڵەژانێکی سەیرەوە: چاوانی پڕ مەکر و فێڵی خۆی دادەگرت (لەوە دەچوو بیەوێ بمباتە ژوورەوە، بەڵام نەتوانێ)!! یانیش هەندێ جاری دیکە دەمدیت دەسڵەمایەوە و بەپڕتاو یان بە نەختێ ترسەوە ئاوڕی پەشۆکاویی بۆ ناو حەوشەکە دەدایەوە. ئەمانە وایان لێ کردبووم منیش تەبای ئەو، لە بەردەمیدا بپەشۆکێم. بەڵام نا، جارانی گۆرین بە سەر چوون. هیچ پێویست بە شەرم ناکا، چ پێویست بە شڵەژان دەکا؟..هەر ساتێکی دیکەیە و دێ دەرگاکەم لێ دەکاتەوە. ئەم جارە شەرم ناکەم دانەیەک لەو گەزۆیانەشی لێ وەردەگرم. لە ناکاو دەرگاکەم لێ کرایەوە، بە جیڕە جیڕ کەوتە سەر پشت….

دیدگاهها
هیچ دیدگاهی برای این محصول نوشته نشده است.